×

هونەرمەندان  
All
كاهینی گه‌وره‌ی سۆمه‌رییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق
 4 ساڵ پێشتر

عێراق - جیهان

دوای دۆزینه‌وه‌ و ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی پارچه‌یه‌كی شوێنه‌واری ده‌گمه‌نی عێراق كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ چوار هه‌زار ساڵ پێش ئێسته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بڕیاره‌ حكوومه‌تی به‌ریتانیا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ ڕاده‌ستی عێراق بكاته‌وه‌، كه‌ نه‌خشێكی ده‌گمه‌نی په‌رستگه‌یه‌كی سۆمه‌رییه‌كانه‌وه‌ و وێنه‌ی كاهینی گه‌وره‌ی سۆمه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م مۆزه‌ی به‌ریتانیا به‌ فه‌رمی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ریتانیا ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ گرتووه‌ كه‌ له‌ ئینته‌رنێت بۆ فرۆشتن مه‌زاد كراوه‌، له‌ هه‌ماهه‌نگیشدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق تا پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌غدا، كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ چوار هه‌زار ساڵ پێش ئێسته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و پێشتر له‌ ڕێی بانده‌كانی مامه‌ڵه‌كردن به‌ پارچه‌ی شوێنه‌وارییه‌وه‌ له‌ عێراق دزراوه‌ و گه‌یه‌نراوه‌ته‌ به‌ریتانیا و هه‌وڵدراوه‌ له‌ ئینته‌رنێت بفرۆشرێت و وه‌ك پارچه‌یه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكرێت.

پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕێكی ئۆنلاینی مه‌زادكردن ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ و وێنه‌كانی بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی نرخ پێدان و فرۆشتنی به‌و كه‌سانه‌ی خوازیاری كڕینی تابڵۆكه‌ن، دوای بینینی له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌، مۆزه‌ی به‌ریتانیا ده‌ستبه‌جێ پسپۆرانی بواری شوێنه‌وار و پۆلیسی له‌نده‌نی ئاگه‌دار كرده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ شوێنه‌وارناسان له‌ ڕێی وێنه‌كانه‌وه‌ دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ هیچ له‌ ساخته‌ ناچێ و به‌ ته‌واوی نزیكه‌ له‌وه‌ی كه‌ پارچه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌، پۆلیس شوێنی فرۆشتنی پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌ و هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ری و ده‌ستیان به‌سه‌ر پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ گرت.

له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی ئینته‌رنێت زانیاری له‌سه‌ر پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ بڵاوكرابووه‌وه‌ كه‌ تابڵۆیه‌كی ئه‌كه‌دی ڕۆژئاوای ئاسیایه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت و زانایان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كرد، گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ تابڵۆكه‌ هی سه‌رده‌می ئه‌كه‌دییه‌كان نییه‌، بگره‌ هی سۆمه‌رییه‌كانه‌ و نه‌خشی سه‌ر تابڵۆكه‌یش بریتییه‌ له‌ په‌رستگه‌ی گه‌وره‌ی سۆمه‌رییه‌كان، كه‌ كاهینی گه‌وره‌ی ئه‌وكاتی سۆمه‌رییه‌كانیش له‌ تابڵۆكه‌ نه‌خشێنراوه‌، زانایان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ دوو هه‌زار و 400 ساڵ پێش زاینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان له‌و بڕوایه‌ن كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ دوو هه‌زار ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێكهاته‌ی تابڵۆكه‌ له‌ به‌ردی جیڕ دروستكراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هونه‌ریانه‌ نه‌خشه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵكۆلراوه‌.

سێ جاری تریش دزراوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق خراوه‌ته‌ مه‌زاده‌وه‌
مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا زانیاری زیاتری له‌باره‌ی پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی، تابڵۆی ئه‌و په‌رستگه‌یه‌ و كاهینی سۆمه‌رییه‌كان پێشتر له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌غدا بووه‌، له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌م بیسته‌م له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان دزراوه‌، به‌ڵام دواتر دۆزراوه‌ته‌وه‌ و دووباره‌ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ عێراق، پاشان له‌ سه‌رده‌می هێرشی عێراق بۆ سه‌ر كوێت جارێكی تر دزراوه‌ و بردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هه‌مدیس توانراوه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و بۆ عێراق بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌ڵام دواجار له‌ 2003یش جارێكی تر له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌غدا ده‌رهێنراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌ و ئێسته‌یش جارێكی تر دۆزراوه‌ته‌وه‌ و به‌ فه‌رمیش لایه‌نی عێراقیمان له‌ بابه‌ته‌كه‌ ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه‌ و ڕاده‌ستی ئه‌وانی ده‌كه‌ینه‌وه‌، تا جارێكی تر بیگه‌ڕێننه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ و بیپارێزن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌یش داوه‌، كه‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا و دامه‌زراوه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی وڵات به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی بانده‌كانی دزین و مامه‌ڵه‌كردن به‌ پارچه‌ی شوێنه‌واری ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و به‌ ته‌واوی سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو پارچه‌یه‌كی شوێنه‌واری دزراو كه‌ بگاته‌ به‌ریتانیاوه‌، پێویسته‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و بۆ شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، ئه‌م پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ گرنگه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ عێراق هێنراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئێسته‌یش پۆلیسی له‌نده‌ن ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ و دوای ته‌واوبوونی ڕێوشوێنه‌كانیش بۆ به‌غدای ده‌گێڕنه‌وه‌.

هارتویج فیشه‌ر سه‌رۆكی مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا گوتی، ئه‌و جۆره‌ تابڵۆ شوێنه‌وارییانه‌ زۆر ده‌گمه‌نن و له‌ ته‌واوی مێژووی مرۆڤایه‌تی ته‌نیا 50 نموونه‌ی تری هاوشێوه‌ بوونی هه‌یه‌ و ئێسته‌یش دوای ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق له‌ مۆزه‌خانه‌ی له‌نده‌ن ده‌پارێزرێ، تا به‌ فه‌رمی ئاماده‌كاری بۆ ناردنه‌وه‌ی تابڵۆكه‌ بۆ عێراق ده‌كرێت.
بڕیاره‌ تابڵۆی كاهینه‌كه‌ و 154 تابڵۆی بسماری دزراو بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ عێراق

پرۆسه‌ی ناردنه‌وه‌كه‌ هه‌ر ته‌نیا له‌و پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ پێك نایه‌ت، به‌ڵكو له‌ ساڵانی ڕابردوویش زیاتر له‌ 154 تێكستی بسماری به‌ تابڵۆی سه‌رده‌می كۆنه‌وه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و سه‌رجه‌میان به‌ ئاگه‌داری حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌ریتانیا هێلراونه‌ته‌وه‌، تا دۆخی عێراق به‌ ته‌واوی ئارامی و ئاسایشی تێدا جێگیر ده‌بێ، ئه‌وكات سه‌رجه‌میان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ عێراق.

سه‌رجه‌می ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارییانه‌ دزراون، چۆن و كه‌ی و كێ دزیونی و گه‌یاندوونی به‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌مه‌ ئه‌ركی حكوومه‌ت و هێزه‌كانی ته‌ناهی عێراقه‌ و پێویستیشه‌ به‌ وردی و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌هێز پاسه‌وانی مۆزه‌خانه‌كان بكه‌ن و ڕێگری بكه‌ن له‌وه‌ی كه‌ پارچه‌ ده‌گمه‌نه‌كان بكه‌ونه‌ ده‌ستی بانده‌كانی مامه‌ڵه‌كردن به‌ پارچه‌ی شوێنه‌واریییه‌وه‌.