هونەرمەندان  
All
نوێترین ھەڵوێستی تورکیا و ئێران لەبارەی ریفراندۆمەوە
 2 هەفتە پێشتر

کوردستان

هەردوو سەرۆك كۆماری توركیاو ئێران لەسەر پرسی ریفراندۆم كۆبوونەوە، ئەردۆغان رایدەگەیەنێت: تەنیا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عیراقدا دەكەین و ئامادەین سزاكانی سەر هەرێم دوو هێندە بكەین، رۆحانیش دەڵێت: نامانەوێت بڕیارەكانمان بەسەر گەلی كوردستانی عیراقدا بسەپێنین، بەڵام پێویستە لێپرسراوانی هەرێم پاشەكشە لەو بڕیارە هەڵەیە بكەن كە دوایانە.

ئەمڕۆ 4ی تشرینی یەكەم، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاو وەفدێكی هاوڕێی بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێشوازی لێكراو لەكۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ كرا لەبارە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دواین پێشهاتەكانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان تاوتوێكران.

ئاژانیسی تەسنیم بڵاویكردەوە، كە كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا، چوار گرێبەستی هاوكاركردنی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆكردووە، لەبوارەكانی (گومرگ، بانكی، رادیۆو تەلەفزیۆن، هاوكاری لەنێوان دامەزراوەی دۆكۆمێنت و نوسینگەی نیشتمانی ئێران و ئەرشیفی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی توركیا).

دوابەدوای كۆبوونەوەكانیش، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەك لەئەردۆغان و رۆحانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیان رەتكردەوەو تەئكیدیان كردەوە لەسەر یەكپارچەیی خاكی عیراق.

ئەردۆغان رایگەیاند: ریفراندۆمی كوردستان لەگرنگترین وتوێژەكانمان بووە لەگەڵ ئێران و دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو ریفراندۆمە نایاساییەو بەهیچ شێوەیەك دان بەئەنجامەكانیدا نانێین.

وتیشی: "ئێمە تەنیا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عیراقدا دەكەین و ئامادەین بۆ دوو هێندە كردنی ئەو بڕیارو رێوشوێنانەی لەدژی هەرێمی كوردستان گیراوەتەبەر".

لەلایەن خۆشییەوە، حەسەن رۆحانی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی كردو رایگەیاند: هیچ گۆڕانكارییەك لەسنوروی عیراق قبوڵ ناكەین و ریفراندۆمی هەرێمی كوستان بڕیارێكی هەڵەیە.

وتیشی: "هاوكاری سێ قۆڵی نێوانی (ئێران، توركیاو عیراق) دەبێتەهۆی سەقامگیری لەناوچەكەدا".

رۆحانی دەڵێت: "نامانەوێت بڕیارەكانمان بەسەر گەلی كوردستانی عیراقدا بسەپێنین، بەڵام پێویستە لێپرسراوانی هەرێم پاشەكشە لەو بڕیارە هەڵەیە بكەن كە داویانە، چونكە ئێمە هیچ گۆڕانكارییە لەسنووری عیراق قبوڵ ناكەین".

زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ