ئایا ڕاستە چاندنەوەی قژ سەركەوتن بەدەست دەهێنێ؟
زۆرێك لە پیاوان و ژنان، دوای ئەوەی بێ هیوا دەبن لە هاتنەوەی قژیان لەو شوێنانەی كە ڕووتاوەتەوە، پەنا بۆ چاندنەوەی قژ دەبەن، زۆر كەسیش تەنانەت لەو شوێنانەی هەر بە خۆڕسك مووی بە باشی لێ نەهاتووە، وەك برۆ، ڕیش و سمێڵ، بە هەمان شێوە پەنای بۆ دەبەن، بەڵام ئایا تا چەند تەندروستە و سەركەوتن بەدەست دەهێنێ؟

چاندنەوەی قژ، بریتییە لە گواستنەوەی موو لەو شوێنانەی كە نەڕووتاونەتەوە و بەهێزن، لەو شوێنانە دادەنرێن كە ڕووتاونەتەوە، یان دانانی مووی دەستكرد، لەكاتێكدا قژی ئەو شوێنانەی تر ئەوەندە زۆر نییە كە دەربهێنرێ و بچێندرێتەوە، یان لاوازە.

جۆرەكانی چاندنی قژ:

یەكەم: دەستكرد
ئەمە كۆنترین جۆری قژ چاندنەوەیە كە تاڵی دەستكرد لەو شوێنانە دادەنرێ كە پێویستی بە چاندنەوەیە، واتە ئەو تاڵانە بەشێك نین لە قژی خۆت.
خراپی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە:
- لەكاتی چاندنەكە تا هەفتەیەك نابێ سەرت بشۆی.
- درێژیی مووەكە لە 10-12سم زیاتر نییە.
- هیچ جۆرە بۆیاخێك ناكرێ.
- ئەگەری هەیە زیان بە پێستەكەت بگەیەنێ، چونكە تەنێكی نامۆی لێ چەقێنراوە.

دووەم: سروشتی/ بڕین
ئەمەیان ڕێگەیەكی كۆنترە لە ڕێگەی یەكەم، بەڵام هێشتا بەشێك لە پزیشكەكانی ئەو بوارە هەر ئەمەیان بەكار دەهێنن كە بریتییە لە بڕینی چەند سانتیمەترێك لە پێستی ئەو شوێنانەی كە قژی پێوەیە بە ڕەگەوە، پاشان چاندنی ئەو پارچە بڕاوە لەو شوێنەی كە پێویستی پێیەتی.
خراپیی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە:
- پێویستی بە دوورینەوەی ئەو شوێنەیە كە پارچەكەی لێ كراوەتەوە، ئەمەش دەبێتە نەشتەرگەری و بەگشتی تا خۆت لە نەشتەرگەری بەدوور بگرین باشترە.
- ماوەیەكی دەوێ تا شوێنەكە چاك دەبێتەوە.
- لە سێ بۆ شەش مانگ، شێوەی دەموچاو دەشێوێ، چونكە بەهۆی ڕاكێشانی پێستی سەرەوە تا بدرێتەوە لەیەك و بدوورێتەوە، ناوچەوان ڕادەكێشێ.

سێیەم: سروشتی/ هەڵكێشان fue
ئەم جۆرە كە نوێترین داهێنانی ئەو بوارەیە مۆڵەتی بەكارهێنانی درابێ، بریتییە لە هەڵكێشانی موو لە ڕەگەوە، تاڵ تاڵ، لە پشتەوەی سەر بۆ پشتەمل تا هەردوو گوێیەكان، پاشان چاندنی لەو شوێنانەی ڕووتاوەتەوە لە 500 تاڵەوە تا دەگاتە حەوت هەزار تاڵ، بەپێی پێویستی كەسەكە، ئەمەش باشترین ڕێگەیە كە تا ئێستە دۆزرابێتەوە و لە دنیادا بە ملیۆنان كەس ئەنجامیان داوە.
خراپیی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە:
- لەكاتی هەڵكێشان و چاندنی تاڵە مووەكان، هەست بە ئازار دەكەی.
- زۆرێك لەو قژەی كە چاندووتە، هەڵدەوەرێن.
- ماوەی سێ بۆ شەش مانگی دەوێ تا هەست بە گۆڕانكارییەكان بە باشی بكەیت و دوای یەك ساڵ، ئینجا دەگات بە ئەنجامی پێویست.
- هەر پابەند نەبوونێك بە ڕێنمایییەكانی پزیشك، سوودی چاندنەوەكە لاواز دەكات.
- بۆ ماوەی 15 ڕۆژ تا مانگێك، نابێ هیچ جۆرە وەرزشێك بكەیت.
- ماوەی 15 ڕۆژ نابێ سەرت بشۆی.
- بۆ ماوەی هەفتەیەك نابێ سێكس بكەی.
- ماوەی زیاتر لە مانگێك نابێ سەرت بەر تیشكی هەتاو بكەوێ.

بەگشتی، ئەگەرچی پێویستە هێشتا زانست بگاتە ئاستێكی باڵاتر لەو ڕووەوە، تا ئەو كەسەی دەیەوێ قژی بڕوێنێتەوە، پێویستی بە ماندووبوونی زۆر نەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێگەی سێیەم باشترینە، چونكە تەنانەت ئەو تاڵانەش كە دەڕووتێنەوە، بەهۆی ئەوەی ڕەگەكەی چێنراوە، دوای سێ مانگ دێنەوە. بەڵام ئەوەی جێی بێزاركردنی ئەوانەیە كە چاندنەكەیان كردووە، ئەو هەموو پابەندبوونەیە بە ڕێنمایییەكانەوە.

ئاگەداری:
پێویستە ئەو كەسەی قژی دەڕوێنێتەوە، لە كوردستان بێت یان دەرەوەی وڵات، بچێتە لای پزیشكی پسپۆڕی ئەو بوارە، چونكە بەشێكی زۆر لەو سەنتەرانەی كە قژ دەڕوێننەوە، پزیشك نایكەن و هیچ بڕوانامەیەكیان لەوبارەیەوە نییە. بە پارەیەكی هەرزانتر دەیكەن، بەمەش زۆر كەس تێ دەكەوێ و دواتر هیچ دەرئەنجامێكی باشی نابێ. 

وشە
 بینین:   58776
 8/21/2016 12:02:01 PM

په‌ڕه‌یله‌ 34
ژماره‌ی بابه‌ت
  له‌سه‌رهێڵ:   10958
  کۆی سه‌ردان:   261016473
All Rights Reserved.