دواى مانگى هەنگوین
كچێك كە تازە شوى كردوە، نامەیەك بۆ دایكى دەنێرێ زۆر ئامۆژگارى و وتەى خۆشى لەخۆ گرتوەو دەڵێ:


[دایەگیان... ئەمرِۆ گەرِامەوە ماڵەكەمان، بۆ ئەو خانوە بچوكەى كە مێردەكەم دروستى كردوە، دواى ئەوەى مانگى هەنگوێنمان بەسەر برد.. دایكە گیان! ئاواتەخواز بوم لەلام باى تا هەمو شتێك لە ژیانى ئەزمونى نوێم لەگەڵ هاوسەرەكەمدا بۆت باس بكەم..
هاوسەرەكەم پیاوێكى باشەو منى خۆش دەوێ، منیش ئەوم خۆش دەوێ، بەڵام هێشتا لە سروشتى ئەو رِانەهاتوم، هەندێك جار وا هەست دەكەم چەندەها ساڵە دەیناسم.. هەندێ جارى دیش وا هەست دەكەم لەمن نامۆیە.. ئەوەى لەتوانام دایە دەیكەم بۆ رازى كردنى.
دایەگیان! دڵنیابە هەمو ئامۆژگاریەكانت جێ بەجێ دەكەم.. بەتایبەتى ئەو ئامۆژگاریەى كە خەندەو فرمێسكەكانت ئاوێتە ببون، بەردەوام هەر لەیادمە.. هەر پیتێكت بە گوێمدا چرپاندبێ لەیادمە، بەتایبەتى كە لە شەوى گواستنەوەمدا منت بە سینگى سۆز ئامێزتەوە گوشیبو.
گشت وشەیەكم لەیادەو لەیادم نەچوە.. من ژیان لە روانگەى تۆوە دەبینم.. تۆ نمونەى بەرزى منى.. منیش دەمەوێ وەك تۆ بم، تۆ چۆن بوى بۆ باوكە باشەكەم و بۆ ئێمەى رۆڵەت.. بەرِاستى هەمو سۆز و خۆشەویستیت بەئێمە بەخشیبو، ماناو چۆنیەتى پێكەوەژیانت فێركردین.. تۆوى خۆشەویستیت تێدا چاندین..
دوێنى پیرۆزباییەكەى بەرِێزتم پێ گەیشت كە بەبۆنەى گواستنەوەمت ناردبو.
دایەگیان! كاتێك كە دەمخوێندەوە فرمێسكەكانم هۆن هۆن دەهاتنە خوار، لە خوێندنەوەى هەر وشەیەك گوێبیستى دەنگەكەت دەبوم، شتێك هەیە كە لێى بێ بەش بوم، ئەویش ماچە سۆز ئامێزەكەتە كە لەسەرى راهاتبوین، ئەوە تازە لە چێشت ئامادەكردن بومەوە، هاوسەرەكەم هێندەى نەماوە بگەرِێتەوە.
دایەگیان! هیچ خەمت نەبێ، ئەوە من بومەتە چێشت لێنەرێكى كارامەو بەباشى دەزانم چێشت دروست بكەم، كاتێك دەبینم مێردەكەم خواردن بە حەز و ئارەزووەوە دەخوات، ئەو خواردنەى كە خۆم بە دەستەكانم بۆیم لێناوە، هەست بە بەختەوەرى و شادى دەكەم، كە لەخواردنەكە دەبێتەوە سوپاسم دەكات لەسەر ئەو خواردنە خۆشەى كە خواردویەتى.
دایەگیان! لەبیرت نەچێ من قوتابى تۆم، تۆ فێرى چێشت لێنانت كردم، تۆ فێرت كردم كە كورتترین رێگا كە لێیەوە بچیتە ناو دڵى پیاوەوە؛ گەدەیەتى.. ئەوە گوێم لە دەنگى كردنەوەى دەرگایە، بەڵێ ئەوە هاوسەرەكەمە هاتەوە.. ئەوە دەیەوێ ئەو نامەیەى كە بۆ تۆى دەنوسم بخوێنێتەوە.. دەیەوێ بزانێ چ بۆ دایكم دەنوسم.. دەیەوێ هاوبەشى ئەو ساتە خۆشانە بكات كە من بە گیان و فیكرم لەگەڵ تۆى بەسەر دەبەم.. داوام لێ دەكات لەنامەكە شوێنێكى بۆ بەجێ بهێڵم تا بۆت بنوسێ.
دایەگیان! دەستەكانت ماچ دەكەم.. دەستى باوكم ماچ دەكەم.. چاوى براو خوشكەكانم ماچ دەكەم.. خوا حافیز.
كچى خۆشەویستت] 
(لەگۆڤارى (العربی) وەرگیراوە.)

 بینین:   101153
 6/30/2015 1:47:20 AM

په‌ڕه‌یله‌ 34
ژماره‌ی بابه‌ت
  له‌سه‌رهێڵ:   1622
  کۆی سه‌ردان:   238374218
All Rights Reserved.