نهێنی و گرنگییەکانی ڕۆژوو
باخچە //   ڕۆژوو تایبەتمەندییەکی هەیە کە لە سەرجەم پەرستشەکانی تردا نییە، ئەویش درانە پاڵێتی بۆ لای خودا، هەروەک لە فەرموودەی قودسیدا هاتووە پەروەردگار دەفەرموێت {الصوم لی و انا اجزی به}رواه البخاری و مسلم و مالک و الترمذی و النسائی و البغوی، ئەمەش مایەی فەزڵ و ڕێزی ئەم پەرستشەیە ( ڕۆژوو)، لەبەر دوو هۆکاریش ئەو فەزڵ و ڕێزەی پێدراوە :
یەکەمیان: پەرستشێکی نهێنییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کاری دڵەوە هەیە و مرۆڤ نایبینێت تاوەکو ڕییای تێبکەوێت.


دووەمیان:سەرکۆنەکردن وشکاندنی دوژمنی خودایە، چونکە هۆکاری شەیتان بۆ گومڕاکردنی مرۆڤەکان بریتییە لە ئارەزووەکان (الشهوات)، خۆپاراستنیش لە ئارەزووەکان بە نەخواردن و نەخواردنەوە دەستەبەر دەبێت، جا هەرکات زەمینەی ئارەزووەکان تەڕو پاراو بێت شەیتانەکان ڕووی تێدەکەن و دەیکەنە کێڵگەیەکی بەپیت بۆ چاندن و تۆوکردنی نەخشەو پلانەکانیان، بەوازهێنانی مرۆڤیش لە ئارەزووەکان ڕێگایان لەبەردەمدا تەسک دەبێتەوە...باس وخواسی زۆر هەن کە باس لە فەزڵ وڕێزی ڕۆژوو دەکەن و لێرەدا بواری باسکردنیم نییە.
 
سوننەتەکانی ڕۆژوو
 
پارشێوکردن و دواخستنی پارشێو، زوو شکاندنی ڕۆژوو، ڕۆژوو شکاندن بە خورما، سەخاوەتمەندی و بەخشندەیی لە ڕەمەزاندا، کاری چاکە ئەنجامدان و خێر و خێراتی زۆر، خوێندنەوە و دیراسەکردنی قورئان، مانەوە لە مزگەوت (الاعتکاف) لە ڕەمەزاندا بە تایبەتی لە (10) ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزاندا و هەوڵدان و پەرستشی زۆرتر تێیدا، دایکی ئیمانداران عائیشە ڕەزای خودای لەسەر بێت دەفەرموێت ( کان النبی إذا دخل العشر شد مئزره، واحیا اللیل، وایقض اهله ) رواه البخاری و مسلم و ڕبوداود و الترمژی و النسائی، واتە: پێغەمبەری خودا "صلى الله علیه وسلم" لە (10)ی کۆتایی ڕەمەزاندا خۆی توندوتۆڵ دەکردەوە، شەوەکانی بە شەونوێژ و شەوبێداری زیندوو دەکردەوە، خێزانەکانی لە خەو هەڵدەستان ).
زانایان دوو مانا و ڕاڤە بۆ (شد المئزر) دەکەن:
1- دوورکەوتنەوە لە ئافرەت .
2- کینایەیە بۆ چوست وچالاکی وقۆڵ هەڵماڵین بە ئەنجامدانی کارێک.
دەڵێن هۆکاری هەوڵدانی پێغەمبەر لە ڕۆژی کۆتاییدا بۆ بەدەستهێنانی شەوی قەدر بووە، والله ڕعلم. 
نهێنییەکانی ڕۆژوو و ئادابەکانی
 
ڕۆژوو سێ پلەی هەیە: ڕۆژووی گشتی، ڕۆژووی تایبەتی، ڕۆژووی تایبەتی تایبەت.
ڕۆژووی گشتی: بریتییە لە پاراستن و بەدوورگرتنی سک و عەورەت لە ئەنجامدانی ئارەزوو (شهوە).
ڕۆژووی تایبەتی: بریتییە لە پاراستن و بەدوورگرتنی چاو و زمان و دەست و قاچ و گوێَ و سەراپای ئەندامەکانی لەش لە تاوان.
ڕۆژووی تایبەتی تایبەت: بریتییە لە بەڕۆژوو بوون و خۆگرتنی دڵ لە هیممەت و ویستە نزمەکان و ئەو بیرو فکرانەی دەبنە هۆی دوورکەوتنەوە لەخودا و وازهێنان لە هەموو شتێک جگە لە خودا .
لە ڕەوشتەکانی ڕۆژووی تایبەتی: پاراستنی چاو، پاراستنی زمان لەهەموو ئەو وتانەی دەبنە مایەی ئازار و ناڕەحەتی خەڵک جا حەرام بن یان ناپەسەند (مەکروە)، یاخود قسانێک کە سوودیان نییە، هەروەها پاراستنی سەرجەم ئەندامەکانی تریش .
پێغەمبەری خودا دەفەرمووێت { مَنْ لم ێدَعْ قوڵ الزوا والعمڵ به، فلیس لله حاجەٌ فی انْ ێدَعَ طعامَه وشرابَه }
واتە: هەرکەس واز لە وتەی درۆ و ناشیرین و کارکردن پێی نەهێنێت ، خودا هیچ پێویستییەکی بە وازهێنان لە خواردن و خواردنەوەی ئەو نییە .
لە ئادابەکانی ڕۆژوو ئەوەیە کە ڕۆژوووان شەو زۆر نەخوات، بەڵکو بە ئەندازەی پێویست بخوات، هەروەک لە فەرموودەدا هاتووە { ما ملا ابن آدم وعاءً شراً من بگن } رواه الترمذی و الحاکم و ابن ماجە و ڕحمد و البغوی، چونکە ئەگەر سەرەتای شەو زۆری خوارد و تێربوو، ئەوا ناتوانێت سوود لە کاتەکانی تری شەو وەربگرێت، هەروەها ئەگەر زۆریشی خوارد لە کاتەکانی پارشێودا تا نزیک نیوەڕۆ ناتوانێت سود لە کاتەکانی تری وەربگرێت، چونکە زۆر خۆری مرۆڤ  توشی تەمبەڵی و خاو وخلیچکی دەکات، بەم زۆر خۆریەش مەبەست و ئامانجی ڕۆژوو لە دەست دەدات، لەبەر ئەوەی مەبەست لە ڕۆژوو ئەوەیە کە ڕۆژووەوان تام و چێژی برسێتی هەست پێبکات و واز لە خۆراکە بەتام و چێژوو ئارەزوومەندەکان بهێنێت.
 بەنیسبەت ڕۆژووی سوننەتەوە، پێویستە لەو ڕۆژانەدا بێت کە فەزڵیان پێدراوە و جەختیان لەسەر کراوە و هەڵبژاردەن، جاهەندێکیان لە هەموو ساڵێکدا هەن وەک ڕۆژووی (6)ڕۆژی شەوال لە دوای ڕەمەزان (شەشەڵان)، ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە، ڕۆژووی ڕۆژی عاشورا – بۆ کەسێک لە حەجدا نەبێت- ، ڕۆژووی (10)ی ذو الحجە و موحەڕڕەم.
هەندێکیشیان لە هەموو مانگێکدا دووبارە دەبنەوە، وەک سەرەتا و کۆتایی و ناوەڕاستی مانگ، جا هەرکەسێک سەرەتاو ناوەڕاست و کۆتایی مانگەکە بەڕۆژوو بوو، ئەوا کارێکی باش و چاکی کردووە، ئەگەر چی باشتر وایە کە بیخاتە ڕۆژە سپیەکان (ایام البیض)ەوە کە دەکاتە ڕۆژانی (13-14-15) بە مانگی کۆچی.
هەروەها هەندێکیان لە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبنەوە، وەک ڕۆژووی دووشەممە و پێنجشەممە.
باشترین ڕۆژووی سوننەتیش ڕۆژووی پێغەمبەر داوودە (علیه الصلاە والسلام) کە ڕۆژێک بە ڕۆژوو دەبوو ڕۆژێکیش دەیشکاند (واتە ڕۆژ نا ڕۆژێک بە ڕۆژوو دەبوو)، ئەمەش سێ واتا و مەبەست دەگەیەنێت:
یەکەمیان: لەو ڕۆژەدا کە بە ڕۆژوو نییە، دەروون (نفس) بەش و نەسیبی خۆی وەردەگرێت و لەو ڕۆژەشدا کە بە ڕۆژووە پەرستشی خۆی بە جێدەهێنێت، ئەمەش کۆکردنەوەی نێوان ماف و ئەرکەکانە و ئەوەش خودی داد گەرییە.
دووەمیان: ڕۆژی خواردن ڕۆژی شوکر و سوپاسگوزارییە، ڕۆژی بە ڕۆژوو بوونیش ڕۆژی ئارامگری و خۆڕاگرییە، باوەڕیش دووبەشە (سوپاسگوزاری و ئارامگری).
سێیەمیان: زۆر توندو بەهێزە بۆ سەر دەروون لە کاتی هەوڵ و کۆششکردن (المجاهدە) لە گەڵیدا، لەبەر ئەوەی هەرکات هۆگری حاڵ و بارێک دەبێت، یەکسەر دەیگوازێتەوە بۆ حاڵ و بارێکی تر، بەڵام  لە بارەی ڕۆژووی هەمیشەیییەوە (بەدرێژایی زەمەن) ئەبو قەتادە دەگێڕێتەوە عومەری کوڕی خەتتاب پرسیاری لە پێغەمبەر "صلى الله علیه وسلم"  کرد وتی ( كيف بمن يصوم الدهر كله؟ فقال ( لا صام ولا أفطر -  أو لم يصم ولم يفطر ) رواه مسلم و ابوداود و النیسائی.
  ئەم فەرمودەیە پەیوەستە بەو کەسانەی کە بەردەوام بە ڕۆژوو دەبن تەنانەت لەو ڕۆژانەشدا کە ڕۆژوو گرتنی تێدا قەدەغە کراوە، بەڵام ئەگەر دوو ڕۆژی هەردوو جەژنەکە و ( ایام التشریق ) کە دەکاتە سێ ڕۆژەکەی دوای جەژنی قوربان (13،12،11)ی ذو الحجە بە ڕۆژوو نەبێت و بیشکێنێت، ئەوا هیچی تێدا نییە (لا باس بذلک) ئەگەر بە بەردەوامیش بەڕۆژوو ببێت، دەگێڕنەوە لە هیشامی کوڕی عوروەوە کە باوکی ڕۆژ بەدوای ڕۆژدا و بە بەردەوامی بە ڕۆژوو دەبوو،  هەروەها عائیشەش(خوا لێی ڕازی بێت) بەو شێوەیە  بەڕۆژوو دەبوو.
ئەنەسی کوڕی مالیک دەفەرموێت " ئەبوو تەڵحە لە دوای پێغەمبەری خودا چل ساڵ بە بەردەوامی و بەدوای یەکدا بەڕۆژوو بووە".
ئەوەش بشزانە هەر کەسێک خودا زیرەکی و لێهاتووی و وریایی پێببەخشێت، مەبەستی ڕۆژوو دەزانێت و بە ئەندازەی توانا نەفسی خۆی ڕادێنێ لەسەر ئەو شتەی کە باشترە و چاکترە.
ئیبن مەسعود کەم بە ڕۆژوو دەبوو، دەیفەرموو " ئەگەر بە ڕۆژوو بم لە ئاست ئەنجامدانی نوێژەکانمدا لاوازو بێ توانا دەبم، بۆیە من نوێژ بەسەر ڕۆژوودا هەڵدەبژێرم "
هەندێک لە هاوەڵان وئەهلی سەلەفیش ئەگەر بە ڕۆژوو بونایە لە قورئان خوێندندا لاواز دەبوون، بۆیە زۆرجار ڕۆژوویان نەدەگرت تاوەکو توانای قورئان خوێندنیان هەبێت ... هەموو مرۆڤێکیش باشتر و زیاتر بە حاڵ و بار و بەرژەوەندیەکانی خۆی ئاشنایە و خۆی لە هەموو کەس زیاتر تواناکانی خۆی دەزانێت.
 

-------------------------------------------------------------------------------------------------------- 
 dlshadm@maktoob.com
 سەرچاوە:
مختصر منهاج القاصدین – لاپەڕەی ( 57-61 )  
للشیخ احمد بن عبدالرحمن بن قدامە المقدسی ( ت 698 ه)  
 بینین:   2621
 6/22/2016 1:09:25 PM

په‌ڕه‌یله‌ 34
ژماره‌ی بابه‌ت
  له‌سه‌رهێڵ:   8856
  کۆی سه‌ردان:   247664297
All Rights Reserved.