هونەرمەندان  
All
بیروڕا
رێككەوتن‌ و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی
عەبدولڵا مەلا نوری
چەند مانگێک پێش ئێستا باسی ئەوەم کرد، لە گەڵ دەوڵەتی دیموکراسی کوردستانم، ریفراندۆم بە میکانیزمێکی دروست و دیموکراسی بۆ بڕیاردان لە سەر ئەو پرسە دەزانم. ھەلومەرجی عێراق و ناوچەکەو نێودەوڵەتی بۆ ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی تا رادەیەکی باش باشە. 

پێم وایە قڕنیکی تریش چاوەڕێ بکەین دەوڵەتانی تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا بۆ دروستکرنی دەوڵەتی کوردستان مۆڵەتمان پێ نادەن. خۆ بە کەم زانینە پێش ئەوەی خۆمان ھەنگاو بنێین چاوەڕێ بکەین ئەمریکاو ئەوروپاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فەرمومان لێ بکەن. 

بۆچونێکی سەرپێییە ئەگەر پێمان وابێت عێراقێکی خاوەن مێژویەکی دورودرێژ و لێوانلێو لە دەمارگیری  ئاینی و مەزھەبی و، کوشتارو تۆڵەسەندنەوە، عێراقێکی مەیدانی جەنگی ھێزە ناوچەیەکان، عێراقێکی بێ سیادەو بێ کلتوری دیموکراسی بەدیلی دەوڵەتێکی تاقی نەکراوەی کوردستان ‌بێت. 

ئەوکات وتم و ئێستاش دەڵێم تاکە رێگر لە بەردەم دروستبونی دەوڵەتی کوردستان کێشە ناوخۆییەکانن، وەک حیزب پارتی و یەکێتی، وەک کەسیش بارزانی زۆرترین بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە خراپەی لە ئەستۆیە.

لەم کاتەدا مەیلی گفتوگۆ لای لایەنەکان دروست بووە، ئەشێت ئەم قۆناغە نوێیە دەرەفەتێکی باش بێت بۆ دروستکردنی متمانەو چارەسەرکردنی بەشێک لە کیشەکان و بەشەکانی تریشی بخرێنە سەر رێچکەی چارەسەر. 

بێگومان جیاوازی ھەر دەمێنێت، بەڵام دەتوانین چەند خا‌ڵێکی ھاوبەش لە نێوان زۆربەی حیزبەکان لە لایەک و، ھاوڵاتیان و حیزبەکان لە لایەکی ترەوە بکەینە بنەمای پێکھاتنێکی نیشتیمانی بۆ ئەوەی پێکەوە ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین.

بۆ ئەو مەبەستە پێم وایە دەکرێت ئەم چوار خاڵەی خوارەوە بەم پێکەوەبونەوە،‌ خاڵی ھاوبەش و جەوھەری بن:  

یەکەم: کێشەی موچە، ھەموان داوای چارەسەری کێشەی موچە دەکەن و خاڵی ھاوبەشی نێوانیانە. لەمەدا بێ لایەنێک و لایەندارێک، ھەژارێک و دەوڵەمەندێک سودمەند دەبن،‌ دڵخۆش دەبن. چارەسەری ئەو کێشەیە ھەنگاوی یەکەم و سەرەکییە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک، بۆ گێڕانەوەو بەھێزکردنی متمانەو ئینتیما لای ھاوڵاتیان. باش کردنی بژێوی دەستەبەرکردنی گەورەترین و بەھێزترین پشتیوانیە بۆ ھەر بڕیارێکی سیاسی لە داھاتودا.

پێش ئەوەی بچمە سەر سێ خاڵەکەی تر، پێم وایە دەکرێت لە ١-١١-٢٠١٧،‌ ریفراندۆم لە سەر سەربەخۆیی و پرۆژەی دەستورو ھەر‌وەھا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکەوە بکرێت. لە خوارەوە وردەکاری ئەمە رون دەکەمەوە.  

دووەم: دەستور، پێوێستە ھەرێمی کوردستان ببێتە خا‌وەن دەستورێکی دیموکراسی مۆدێرن، تێدا دەسەڵاتەکان لەیەک جیاکرابنەوەو ھاوسەنگی و ھەماھەنگیان لە نێواندا ھەبێت، رۆڵی گەورە بە دادگا درابێت، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دامەزراوەکانی ئەمنی و سەربازی لە ژێر چاودێری پەرلەماندابن، سیستمی لامەکەزی و، مافی ھەمو پێکھاتە نەتەویی و ئاینیی و مەزھەبەکان و وەک یەکی نێوانیان چەسپابێت، سنوری خاکی کوردستانی تێدا دەستنیشان کرابێت. 

پێم وایە ئیدی دەبێت کۆتایی بە باس و خواسی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بێت، ئەوەی دەمانەوێت لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا بکرێت با لە دەستوردا بکرێت. 

بۆ دەستورێکی دیموکراسی مۆدێرن گرنگە؟ چونکە تاکە وەسیقەیە پێش دروستکردنی دەوڵەت فۆرمی ئەو دەوڵەتەمان پیشان دەدات کە ھەنگاوی بۆ دەنێین، ئەمەش بەشێکی باش لەو مەترسی و دڵەڕاوکێیە دەڕەوێنێتەوە کە وەک پرسیار لە سەر فۆرمی داھاتوی دەوڵەت ھەمانە.‌ ھەر‌وەھا دەستور لە لایەن ھاوڵاتیانەوە پەسەند دەکرێت و وەک یاسای ئاسایی نیە ھەرکات زۆرینەی پەرلەمانی ویستیان ھەمواری بکەن. 

دەستورێکی دیموکراسی کە ئازدای و مافی مرۆڤ و پێکھاتەکانی تێدا چەسپاوبێت کەم تا زۆر سەر‌نجی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بۆ خۆی رادەکێشتێت، دڵنیایی لای پێکھاتەکانی کوردستان دروست دەکات.

ھیچ گەرەنتیەکی نێودەوڵەتی بە قەدەر دەستورێکی دیموکراسی پەسەندکراو لە لایەن ھاوڵاتیانەوە دڵنیایی و متمانە لە ناوخۆدا دروست ناکات. دەستور لە چاوتروکانێکدا ھەمو کێشەکانمان بۆ چارەسەر ناکات، بەشێکیمان بۆ چارەسەر دەکات و نەخشە رێگاشە بۆ چارەسەری ئەوانی تریش. دەستورێکی باش ھەمو پاکێجەکانی چاکسازی لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە.

(لیژنەی دەستور کە لە لایەن پەرلەمانەوە پێکھات، بەشێک لە کاری پرۆژەی دەستوریان تەواو کردوە، ئەگەر رێکەوتن ھەبێت، دەکرێت پەرلەمان دەسەڵات بە لیژنەکە بداتەوەو لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا کارەکانیان تەواو بکەن).  

سێیەم: ریفراندۆم، لە راستیدا پەرلەمان و ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان ئامانج نیە (بۆیە لەم بابەتەدا پرسی ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان تەوەر نیە)، ئامانج ئەو دەستکەوتانەیە کە لە ئەنجامی کارەکانی پەرلەماندا بە دەست دێن لە چوارچیوەی یاسا دەر‌کردن و چاودێریدا، لە ئێستادا یەکێک لە کارەکانی پەرلەمان ھەڵسوکەوتکردنە لە گەڵ پرسی ریفراندۆم. ئەگەر بابەتی ریفراندۆم لە کەشوھەوایەکی ئارامدا لە لایەن پەرلەمانەوە گفتوگۆ و ئامادەسازی یاسای بۆ بکرێت، بە پێی یاسا زەمانەتی ئەوە بکرێت کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە نەک شتی تر، ئیدی لەوە دەر‌دەچێت پرسێکی حیزبی و گوماناوی بێت،‌ ئەمە ھەمو لایەنەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەوەی بە جدی کار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم و ھەنگاوەکانی تری سەربەخۆیی بکەن و پێکەوە روبەروی ئەگەرو پێشھاتەکان ببنەوە. 

چوارەم: ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا، زۆر پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە ١-١١-٢٠١٧ بکرێت. ناکرێت بە ناوی قۆناغی راگوزەرەوە بیر لە دواخستنی ھەڵبژاردن بکرێتەوە. 

بە ھەڵبژادن لە کاتی خۆیدا بەشێکی تری کێشەکان چارەسەر دەبن، بە دواخستنی کێشەیەکی تری دیموکراسی روبەروی ھەرێم دەبێتەوە. بە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ھەڵەی خولەکانی رابردوی پەرلەمان دوبارە نابێتەوە، بە دواخستنی ھەموان لە ھەڵەکانی رابردووە دەگلێن، کاتێک پرۆسەکانی ھەڵبژاردن و ریفراندۆم لە سەر دەستورێکی دیموکراسی و سەربەخۆیی پێکەوە دەکرێن، ئەم سێ بابەتە لە سەر ئاستی ناوخۆ حەماس و تەبایی لە گەڵدایە، لە سەر ئاستی دەرەوەش ئەگەری پشتیوانی گەورە. 

بەم جۆرە دەکرێت لە یەک رۆژدا ریفراندۆم و لە سەر سەربەخۆیی و پرۆژەی دەستور و ھەروەھا ھەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت. ریفراندۆم و پرۆژەی دەستور دو بابەتی نیشتیمانی چارەنوساز دەبن کە زۆرینەیەکی راستەقینە بەڵێی بۆ دەکەن، لە پاڵ ئەو دوانەدا پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمان تاکە بابەت دەبێت ھەر لایەنەو بۆ لیستی خۆی بانگەشە دەکات. 

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا چارەنوسی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم چی لێدێت؟ یاخود چۆن و کەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکرێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: ئەو رۆژەی کە ئیعلانی ئەنجامی ریفراندۆمەکان لە سەر سەربەخۆیی و دەستور و ھەڵبژاردنەکان دەکرێت ھەفتەیەک دوای ئەوە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی تازە ھەڵبژێردراودا بە پێی ناوەڕۆکی دەستورەکە سەرۆکی نوێی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت.

پێموایە ئەگەر ئیرادەی سەرپێخستنی ئەو چوار خاڵەی سەرەوە ھەبێت چارەسەری کێشەکانی تر لە ئێستاوە تا رۆژی ھەڵبژاردن قورس نابێت، خۆ بیرکردنەوە لە چارەسەری نیو ناچڵ یاخود پەراوێزخستنی ئەم لایەن و ئەو لایەن تەمەنی کێشەکان درێژ دەکاتەوە.

‌‌ زیاتر ...
مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
رێبوار کەریمی
1