بەبێ خواردنەوەی ئاو بۆماوەی چەند لە ژیاندا دەمێنیتەوە؟
ئاو یەکێکە لە رەگەزە گرنگەکانی ژیان و رۆژانە خواردنەوەی بەپێی پێویستی جەستە لە زۆربەی نەخۆشییەکان دەیپارێزێت، بەڵام کەمبوونەوەی بڕەکەی لە جەستەدا زیانی تەندروستیی دەبێت، تەنانەت ئەگەری هەیە مردنی لێبکەوێتەوە.
جەستەی کەسێکی پێگەیشتوو لە %٧٠ی لە ئاو پێکدێت و لە منداڵان رێژەکەی دەگاتە لە %٧٥، کە ئەرکەکانی جەستە بەجێدەهێنێت.
بەگوێرەی بابەتێکی ماڵپەڕی ئیت زیس، مرۆڤ ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ خواردنەوەی ئاو بژی، بەڵام بڕکەی یاخود ماوەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوەیە وەک بارودۆخی ژینگە و تەمەن و کێش و رەگەز و ئاستی چالاکی جەستەیی و بارودۆخی تەندروستی و خۆراک ئەگەر نەیخواردبێت.
هەروەک لە ماڵپەڕەکەدا هاتووە، جەستە ناتوانێت بەرگەی بێ ئاوی بگرێت بە جۆرێک مرۆڤ لە هەشت بۆ ٢١ رۆژ زیاتر بەبێ ئاو و خۆراک ناژی.
ئاو گرنگترە یان خۆراک؟
بەپێی ماڵپەڕەکە ئەگەرچی مرۆڤ بەبێ ئاو و خۆراک ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بژی، بەڵام ئاو پێویستترە بۆ جەستە، کەسێک کە مان لە خواردن بگرێت، بەڵام ئاو بخواتەوە دەتوانێت بۆ مانگێک زیاتر بژی، بە پێچەوانەوە نەخواردنەوەی ئاو کەمتر لە مانگێک بەرگەی دەگرێت.
چونکە کەمبوونەوەی ئاو لە جەستەدا گرفت بۆ ماسولکەکان و هەناو دروست دەکات، وەک کەمبوونەوەی میزکردن و کەمبوونەوەی جوڵەی خەپلەکانی خوێن و دروستبوونی بەردی گورچیلە و رمڵ و قەبزی و خاوبوونەوەی جومگەکان لەگەڵ دروستبوونی گرفت لە فشاری خوێن و تێکچوونی خانەکانی مێشکی بەدوادا دێت.
لە راپۆرتێکی گۆڤاری پزیشکی بەریتانیدا هاتووە، پێویستە کەسێکی ئاسایی رۆژانە بڕی لیتر و نیوێک ئاو بخواتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی شلەی جەستە، ئامۆژگاری خەڵکی دەکرێت کە نیو کەوچکی بچوک خوێ تێکەڵبکرێت لەگەڵ ئاودا بۆ ئەوەی جێگەی ئەو سۆدیۆمە بگرێتەوە کە جەستە بەهۆی ئارەقکردنەوە لە دەستی دەدات.