لێكەوتەكانی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق
لە شەوی رابردووەوە عێراق خۆی لەبەردەم چەند ئەگەرێكی سەخت دەبینێتەوە، كە ئەمەریكا خستوویەتییە پێشی، ئەگەری داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و پەنابردنی بۆ سەپاندنی سزا بۆ سەری، یان رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان و پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و بەرژەوەندییەكانی، بەتایبەتی كاتێك شوێنگرەوەی بەغدا كە هەولێرە، لەناو خاكی عێراق ئامادەیە.
ئەگەر ئەمەریكا باڵوێزخانەی دابخات یان بگوازێتەوە وڵاتانی تریش دەیكەن
د رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەوە بۆ "وشە" دەڵێت، هەڕەشەكردن لە باڵوێزخانەكان و دیپلۆماتكاران لە هەر وڵاتێكی دنیا، پێشێلكارییەكی روونی یاسا و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی سەبارەت بە رێكخستنی كایەی دیپلۆماسی و پێوەندیەكان، پێچەوانەی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیشە، ئەوە بە دیوە یاساییەكەی، بە دیوە سیاسییەكەی بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستە فەرمانڕەوایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، ئەو بابەتە بۆ ئەمەریكا گرنگە و پێوەستە بە سەروەری ئەو وڵاتە و دەسەڵات و بوونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، بۆیە بژارەكانی بەردەم ترەمپ زۆرن بۆ مامەڵەكردن لە پرسێكی ئاوادا و ئەگەر رۆژانە هەڕەشەی میلیشیاكان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا زیاتر بێت.
زیاتر گوتی، نزیكترین سیناریۆ بە لایەنی كەم بۆ پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتكارانی، وەك هەنگاوی یەكەم، باڵوێزخانەكە لە بەغدا دادەخرێت یان دەگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە بیر لە بژارەی وەشاندنی گورزی سەربازی سنووردار لە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق دەكرێتەوە، لەسەر ئاستی ململانێی ئەمەریكا و ئێرانیش، سیاسەتی توندتركردنی گوشارەكانی بەرانبەر وەربگرێت، ئەگەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە، زۆرێك لە باڵوێزخانەی وڵاتانی تریش، بەتایبەتی ئەوروپا، ئەوانیش دەگوازرێنەوە بۆ هەرێم، چونكە بوونی ئەمەریكا شكۆی خۆی هەیە و ئەگەر بڕوات، وڵاتانی تر هەست بە مەترسی دەكەن لە پەرەسەندنی توندوتیژی و شێوانی دۆخەكە، هەروەها كاروباری ئەو باڵوێزخانانە دێتە هەڵپەساردن.
لە كاریگەرییەكانی ئەو هەنگاوە ئەگەر رووی دا، كاریگەری نزیك و دوورمەودای هەیە، پێم وایە ئەوە سەرەتای رووخانی دەوڵەتێك دەبێت بەناوی عێراق، چونكە ئێران ئەگەر هەست بەوە بكات دەسەڵات و بوونی لە عێراق نامێنێت، رێگە بەوەیش نادات عێراق بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریكا یان سعوودیە، بۆیە لەو ناوەندەدا عێراق و عێراقییەكان دەبنە قوربانی، بێگومان لێكەوتەكان قووڵن و لەسەر چەندان ئاست دەبن، ئابووری و دیپلۆماسی و عێراق تووشی داخرانێكی دیپلۆماسی دەبێت، ئەوە لە حاڵەتی داخستن یان گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا، وڵاتانی تریش هەمان شت دەكەن، لەسەر ئاستی سیاسیش ئەو سەقامگیرییەی هەیە تێكدەچێت، پرۆسەی هەڵبژاردن دوا دەخرێت و كێشەی پێكهێنانی حكوومەت دروست دەبێتەوە و بەدووری نازانم پێكدادان لە نێوان بەرەكانی لایەنگر و دژ بە ئەمەریكا لە عێراق دروست ببێت.
درەنگانێكی شەوی رابردوو هەرچوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق، حكوومەت و كۆمار و پەرلەمان و دادوەری، كۆ بوونەوە و دووپاتیان لە مانەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت و پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و رووبەڕووبوونەوەی كاری نایاسایی كردەوە و گوتیان، راگەیاندنی جەنگ دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەتە و هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە.
بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، كۆبوونەوەكە لە كۆشكی بەغدا بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوە چووە و پێشهاتە تەناهی و سیاسی و لێكەوتەكانی دۆخی ئێستەیان باس كردووە.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان لەوە كردەوە كە بەردەوامبوونی كردنەئامانجی بارەگا مەدەنی و سەربازییەكان و بەردەوامیی كاری كوشتن و رفاندنی چالاكانی مەدەنی، كردنەئامانجی عێراق و سەروەرییەكەی و ئەو پڕۆژە نیشتمانیەیە كە حكوومەتی ئێستەی لەسەر بنیات نراوە بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و پاراستنی شكۆی دەوڵەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، جیا لەوەی كار دەكاتە سەر ناوبانگی عێراق و پێوەندییەكانی دەرەوەی.
بەشداران ئاماژەیان كرد كە بەردەوامبوونی شێوانی تەناهی و كاریگەرییەكانی، زیانی گەورە بە ئابووری عێراق و هەوڵەكانی بۆ تێپەڕكردنی تەنگژەكانی دەگەیەنێ و دووپاتیان كردەوە كە عێراق لە دۆخی جەنگدا نییە تەنیا بەرانبەر تیرۆردا نەبێت، راگەیاندنی دۆخی جەنگیش كاری دامەزراوەكانی یاسادانان و جێبەجێكاری دەوڵەتە بە پشتبەستن بە یاسا و دەستوور و هیچ لایەنێك بۆی نییە جەنگ رابگەیەنێت یان وا رەفتار بكات جەنگ لەناو خاكی عێراق هەیە.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە ئاماژەیان كرد كە ئەوكارانەی گرووپە لەیاسابەدەرەكان دژی تەناهی وڵات و سەروەرییەكەی ئەنجامی دەدەن، مەترسیدارە و سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەكی راستەقینەوە، ئەوەیش پێویست بە هاوشانی لە هەموو ئاستێك بۆ هێزە سیاسییەكان دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەرەسەندنە و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ مسۆگەركردنی ئاسایش و سەروەریی عێراق.
لە كۆبوونەوەكە دووپات لە دەستگرتنی عێراق بە ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا كرایەوە بە رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكان بە پێی قۆناغی كاتی، هەروەها هاریكاری درێژخایەن لەگەڵ ئەمەریكا لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتی لە بواری راهێنان و چەكداریكردن و جەنگ لە دژی داعش، هیوایان خواست ئەمەریكا و وڵاتان پاڵپشتی لە حكوومەتی عێراق بكەن بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دابینكردنی ئاسایش بۆ هەڵبژاردن.