هێمن هەورامی: هەفتەی داهاتوو سەرۆکی حکومەت دێتە پەرلەمان
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی لە پەرلەمان ئامادە دەبن و گفتوگۆ دەكەن لەسەر دۆخی دارایی هەرێم و هەنگاوەكانی چاكسازیی".
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا پرسی داواکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ هاتنە پەرلەمان و باسکردنی دۆخی دارایی هەرێم و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی تاوتوێ کراوە".
هێمن هەورامی وتیشی" هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیری دارایی، وەزیری تەندروستی كۆدەبێتەوە، ئەو وەزیرانەش ئامادە دەبن كە پێوەندیدارن بە تەوەرەكانی گفتوگۆ".
باسی لەوەشکرد: بەپێی پەیڕەو مامەڵە لەگەڵ هەموو بابەتەکان دەکەن، یاداشتی پرساندن و داواکاری سەرۆکی حکومەت دوو بابەتی لێک جیاوازن.
رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە سەرۆكی حكومەت داوای دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ خستەڕووی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازیی و دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باسكردنی دۆخی دارایی و تەندروستی هەرێم.
بەگوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی ٦٦ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک وەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر بابەتێک بدات و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دەبێت لە ماوەیەکدا کە لە ١٤ رۆژ تێپەڕ نەکات ئەو دانیشتنە رێکبخات.